AI Agents
تیۆری ئینتەرنێتی مردوو (Dead Internet Theory).. ئایا ڕاستیە یان تەنها سیناریۆی فیلم و تیۆری پیلانگێڕییە؟!
Ahmad Birdoz2 min read

هەمیشە مەترسیدارترین شت لە هەر داهێنانێکی نوێدا خودی داهێنانەکە نیە، بەڵکو عەقڵی ئەو کەسەیە کە بیر لەوە دەکاتەوە چۆن بەکاری بهێنێت. ئەوەی لەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کێڵگەی مۆبایلە (Phone Farm)؛ سەدان ئامێر کە هەستێکی وەها دروست دەکەن وەک ئەوەی بینەر و جەماوەرێکی ڕاستەقینە بوونی هەبێت. بەڵام وێنای هەمان بیرۆکە بکە بەبێ بوونی سەدان مۆبایلی فیزیایی... بەڵکو بە سەدان هەزار بریکاری زیرەکی دەستکرد (AI Agents) کە هەریەکەیان بە جۆرێک ڕەفتار دەکەن وەک ئەوەی کەسێکی ڕاستەقینە بن.
لەو کاتەدا، تیۆرییەکە بە ناوی Dead Internet Theory چیتر وەک بیرۆکەیەکی شێتانە دەرناکەوێت. ئەم تیۆرییە بە کورتی پێیوایە کە بەشێکی زۆری ئینتەرنێت لە قۆناغێکدا دەبێتە بۆت (Bots)، ناوەڕۆکی ئۆتۆماتیکی و هەژمارگەلێک کە لەگەڵ یەکتر کارلێک دەکەن، لە کاتێکدا مرۆڤی ڕاستەقینە وەک کەمینەیەک لەناو لافاوێکی گەورەی چالاکی دەستکرددا دەمێنێتەوە. بێگومان وەک تیۆریەکی تەواوەتی لە ئێستادا بەڵگەی سەلمێنەری لەسەر نیە، بەڵام ئەو پێشکەوتنەی لە تەکنەلۆژیادا ڕوودەدات، لانیکەم وات لێدەکات بپرسیت: باشە ئێمە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین؟
لێرەدا نۆرەی مۆدێلی نوێی Jev دێت. مۆدێلی Jev کەمێک جیاوازە لەو مۆدێلانەی AI کە ڕاهاتووین لەسەریان؛ لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست نەکراوە قسەی لەگەڵدا بکەیت و پێی بڵێیت پۆستێکم بۆ بنووسە یان وێنەیەکم بۆ دروست بکە، بەڵکو دروستکراوە تا بخرێتە ناو نەرمەکاڵا و پرۆگرامەکانی AI Agents و لە یەک کاتدا بڕیاری بچووک لە قەبارەیەکی یەکجار گەورە، بە خێراییەکی بێ وێنە و بە تێچوویەکی نزیک لە سفر بدات.
واتا خەیاڵی Agentـێک بکە لەسەر سۆشیال میدیا، کە مۆدێلی Jev ئەو مێشکەیە بڕیاری بۆ دەدات: ئایا بچێتە سەر ئەم پۆستە یان نا؟ لایکی بکات یان نا؟ کۆمێنت بنووسێت یان تەنها بینەر بێت؟ ئێستا وەڵام بداتەوە یان کەمێک چاوەڕێ بکات؟ چەند جار لەگەڵ ئەم هەژمارە کارلێک بکات؟ و چۆن بە شێوازێک ڕەفتار بکات کە دەستکرد دەرنەکەوێت؟
پاشان مۆدێلێکی تری AI کۆمێنتەکە دەنووسێت، یەکێکی تر وێنەکە دروست دەکات، مۆدێلێکی تر ڤیدیۆکە ساز دەکات، و بریکارەکەش (Agent) هەموو ئەمانە لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ دەکات! لەبری ئەوەی کێڵگەی مۆبایلەکان پێویستی بە سەدان ئامێری فیزیایی هەبێت لە بەردەمتدا، لە داهاتوودا دەکرێت سوپایەکی تەواو لە کەسایەتیە دیجیتاڵیەکانت هەبێت کە تەنها وەک سۆفتوێر کار بکەن؛ هەر کەسایەتیەک ڕەفتاری جیاواز، ئارەزووی جیاواز، کاتی چوونەژوورەوەی جیاواز و تەنانەت شێوازی قسەکردنی تایبەت بە خۆی هەبێت.
لێرەوە بابەتەکە بەڕاستی ترسناک دەبێت؛ چونکە لە ماوەی ڕابردوودا هەموو باسەکان لەسەر ئەوە بوون کە زیرەکی دەستکرد ئینتەرنێت پڕ دەکات لە ناوەڕۆک، بەڵام ڕەنگە کێشە گەورەکە ئەوە بێت کە AI ئینتەرنێت پڕ بکات لە جەماوەر و بینەریش!
واتا ناوەڕۆکەکە خۆی AIـیە، ئەوەی سەیری کردووە AIـیە، ئەوەی لایکی کردووە AIـیە، ئەوەی کۆمێنتی نووسیوە AIـیە، و AIـیەکی دیکەش هاتووە وەڵامی داوەتەوە… تۆش وەک مرۆڤێک لەم نێوەندەدا وەستاویت و هەزاران بینەر و کۆمێنت دەبینیت و بڕوات وایە کۆمەڵگەیەکی تەواو خەریکی کارلێکن، لە کاتێکدا بەشێکی زۆریان لە بنەڕەتدا بوونیان نیە!
لەو کاتەدا پرسیارەکە ئەوە نابێت: ئایا ئینتەرنێت پڕ بووە لە ناوەڕۆکی AI؟ بەڵکو پرسیارەکە دەبێتە ئەمە:
ئەگەر ئەوەی لایک دەکات، ئەوەی کۆمێنت دەنووسێت، و ئەوەی وەڵام دەداتەوە هەموویان AI بن… کێ لەسەر ئینتەرنێت ماوەتەوە؟
پێتوایە ئەم سیناریۆیە هێشتا زۆری مابێت… یان ئێمە لە ئێستاوە یەکەمین هەنگاوەکانمان بەرەو ڕووی ناوە؟
ئەحمەد بیردۆز
#زیرەکی_دەستکرد #ئینتەرنێتی_مردوو #بریکارە_زیرەکەکان #تەکنەلۆژیا #داهاتووی_تەکنەلۆژیا #سۆشیال_میدیا #AI #AIAgents #DeadInternetTheory
پۆستە پەیوەندیدارەکان
- کورتەی نوێبونەوەی مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ مانگی نۆ .. 😂
ئەحمەد بیردۆز
- چۆن بە یەک یاسای سادە باشترین کوالێتی لە ژیری دەستکرد بەدەست دێنیت؟ 🧠🚀📊
بیرۆکەکە یەکجار سادەیە، بەڵام دەرئەنجامەکەی خەیاڵیە: تەنها پێویستە شێوازی داواکردنی فەرمانەکانت لە مۆدێلە زیرەکەکاندا بگۆڕیت بۆ نموونە، لەبری ئەوەی بە سادەیی بڵ…
- ئینڤیدیا بۆمبێکی تەقاندەوە کە کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی کارکردنمان لەگەڵ OpenClaw ..!!
ناوی ئەم بۆمبە NVIDIA NeMo Clawـە. هەندێکمان تاقیمان کردەوە و ئاشقی OpenClaw بووین، چونکە ڕێگە بە ژیری دەستکرد AI دەدات ئەرکەکان بە تەواوی و بە تەنیا جێبەجێ بکا…
- یەکێک پرسیارێکی لە GPT کرد ، چۆن تا ١٤٠ بژیت، وەڵامی شۆکهێنەر بوو...
یەکێک پرسیارێکی لە GPT کرد ، چۆن تا ١٤٠ بژیت، وەڵامی شۆکهێنەر بوو... سەیری کۆمێنتەکان بکە 👇
- كۆمپانیای AOC ڕونمای بێ چوارچێوه ڕادهگهیهنێت
سێ ڕونمای نوێ لهكۆمهڵهی V2ی بێ چوارچێوه دهركهوت كه له لایهن كۆمپانیای AOCیهوه بهرههم هاتووه؛ ئهوانیش ڕونمای 22V2H بهقهبارهی 22 ئینج و ڕونمای 2…
- مۆبایلی Xiaomi Redmi Note 6 Pro ڕاگهیهنرا بهڕونمای 6.26
پاش دهنگۆی زۆر لهكۆتاییدا كۆمپانیای شاومی چینی ئهمڕۆ ههستا بهڕاگهیاندنی مۆبایلی Xiaomi Redmi Note 6 Pro لهپێگه فهرمیهكانی خۆی لهئینتهرنێت. ئاسایی ده…