AI News
چیرۆکی ئەتۆمی مانهانتنی ئەمریکا دووبارە دەبێتەوە!!!
Ahmad Birdoz4 min read

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی سەرسوڕهێنەری سەبارەت بە سەرکەوتنی چین لە دروستکردنی ئامێرێکی بەرهەمهێنانی وەیفەری سیلیکۆنی لە جۆری EUV (لیتۆگرافی تیشکی سەروو بنەوشەیی توند) بڵاوکردەوە. ئەم تەکنەلۆژیایە بە بەردی بناغەی پرۆسەی پیشەسازی چیپ و پڕۆسێسەرە پێشکەوتووەکان دادەنرێت کە لە ئێستادا تەواوی پیشەسازی ئەلیکترۆنیاتی لەسەر وەستاوە.
ئەم ئامێرانە تەنها یەک کۆمپانیا لە هەموو جیهاندا دروستیان دەکات، ئەویش کۆمپانیای ASMLی هۆڵەندییە. تێچووی تەنها یەک ئامێری ئەم کۆمپانیایە نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە!
ئامێرەکانی EUV بە "مێشکی پیشەسازی" چیپە مۆدێرنەکان دادەنرێن؛ کار دەکەن لەسەر نەخشاندنی بازنە ئەلیکترۆنییە زۆر وردەکان لەسەر وەیفەرە سیلیکۆنییەکان، کە هەزاران جار لە تاڵە موویەکی مرۆڤ تەنکترن! هەرچەندە ئەم بازنانە بچووکتر بن، توانای چارەسەرکردن و کارایی بەکارهێنانی وزە لە چیپەکاندا زیاد دەکات، ئەمەش وای کردووە ئەم ئامێرانە ببنە توخمێکی یەکلاکەرەوە لە پێشبڕکێی زیرەکی دەستکرددا.
ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت چین توانیویەتی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ بگاتە یەکەم نموونەی تاقیگەیی تەواو لە ئامێری EUV، و ئێستا لە دامەزراوەیەکی توندوتۆڵدا کە پاسەوانییەکی توندی لەسەرە تاقی دەکرێتەوە.
زانیارییەکانی ڕۆیتەرز جەخت دەکەنەوە کە ئامێرەکە بە کردەیی سەرکەوتوو بووە لە بەرهەمهێنانی "تیشکی سەروو بنەوشەیی توند"، کە ئەمە قورسترین بەربەستی تەکنیکی بوو لەم تەکنەلۆژیایەدا، بەڵام هێشتا ئامێرەکە نەیتوانیوە چیپێکی وا بەرهەم بهێنێت کە بۆ بەکارهێنانی بازرگانی گونجاو بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، گەیشتن بەم قۆناغە بە بازدانێکی ترسناک دادەنرێت. بۆ نموونە، کریستۆف فوکێت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ASML، لە نیسانی ڕابردوودا وتبووی کە چین پێویستی بە ساڵانێکی زۆرە تا دەگاتە ئەم تەکنەلۆژیایە.
ئەو ساڵە درێژانەی فوکێت باسی دەکردن، هەندێک بە لایەنی کەمەوە بە ١٠ ساڵیان مەزەندە دەکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا فشاری خستە سەر هۆڵەندا بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی ئەم ئامێرانە بۆ چین. لە ساڵی ٢٠٢٢شدا سنووردارکردنەکان زیاتر کران بۆ ئەوەی ئامێرەکانی DUV (کە نەوەیەکی کۆنترن) بگرێتەوە، تا دڵنیا بن کە چین هەر چۆنێک بێت نەوەیەک لە دواوەی تەکنەلۆژیاکانی ASML دەمێنێتەوە.
🛠️ ئامێرەکانی EUV چۆن کار دەکەن؟
ئەم ئامێرانە پشت بەوە دەبەستن کە لێدانە لێزەرییە بەهێزەکان ئاڕاستەی دڵۆپە "تەنی" (قەستیر) تواوەکان دەکەن بە خێرایی ٥٠ هەزار لێدان لە چرکەیەکدا. کاتێک لێزەرەکە بەر تەنییەکە دەکەوێت، پلازمایەک دروست دەبێت کە پلەی گەرمییەکەی دەگاتە ٢٠٠ هەزار پلەی سەدی، لەو کاتەدا تیشکێک دەردەچێت کە درێژیی شەپۆلەکەی زۆر کورتە.
ئەم تیشکە مەحاڵە بە هاوێنە (عەدەسە)ی ئاسایی ئاڕاستە بکرێت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی سیستەمێکی ئاوێنەیی زۆر وردەوە ئاڕاستە بکرێت، کە تەنها چەند کۆمپانیایەکی کەم لە جیهاندا دەتوانن بەرهەمی بهێنن، لەوانە کۆمپانیای Carl Zeiss AGی ئەڵمانی. دروستکردنی ئەم ئاوێنانە چەندین مانگی دەوێت، چونکە ڕێژەی هەڵە تێیدا سفرە و کوالێتییەکەی لەسەر ئاستی گەردیلە (ئەتۆم) پشکنیینی بۆ دەکرێت!
⭕ با بگەڕێینەوە سەر پڕۆژە چینییەکە..
پڕۆژەکە هێندە نهێنییە کە وەک "نهێنی ئاسایشی نەتەوەیی" پۆلێن کراوە. بەگوێرەی ڕۆیتەرز، پڕۆژەکە بەشێکە لە ستراتیژییەکی نیشتمانی گەورە کە بەرپرسانی نزیک لە سەرۆک "شی جین بینگ" سەرپەرشتی دەکەن. هەندێک سەرچاوە ناوخۆییەکان پڕۆژەکەیان بە "پڕۆژەی مانهاتن"ی ئەمریکی چواندووە (ئەو پڕۆژەیەی کە بۆمبی ئەتۆمی تێدا دروستکرا).
کۆڵەکەی سەرەکی سەرکەوتنی پڕۆژەکە ئەوە بوو کە چین کاری لەسەر ڕاکێشانی ئەندازیارانی پێشووی ASML کرد، بەتایبەت ئەوانەی ڕەچەڵەکیان چینییە. زانیارییەکان دەڵێن هەندێکیان تووشی شۆک بوون بەهۆی ئاستی نهێنی پارێزی پڕۆژەکە: ❌ قەدەغەیە کەس لە دەرەوەی دامەزراوەکە بزانێت لە ناوەوە چی ڕوودەدات. ❌ قەدەغەیە بە هیچ شێوەیەک باسی سروشتی کارەکەیان بۆ کەسانی دەرەوە بکەن. ❌ ئەو ئەندازیارانەی لە ASML هاتوون، بۆیان نییە ناوی ڕاستەقینەی خۆیان بەکاربهێنن؛ تەنانەت ناسنامە و گرێبەستەکانیان بە ناوی خوازراوەوەیە!
چین لە ساڵی ٢٠١٩وە ئامادە بووە هەر کارێک بکات بۆ دروستکردنی ئەم تیمە، تەنانەت پێشێلکردنی یاساکانی خۆشی: 😱 ڕێگەی بە هەندێک ئەندازیار داوە دوو ڕەگەزنامەیان هەبێت (چینی و ئەوروپی)، لە کاتێکدا یاسای چین ئەمە قەدەغە دەکات. 😱 چاوپۆشی لە کێشەی ئەندازیارێکی پێشووی ASML کرد کە کۆمپانیاکە لەسەری مابۆوە بە تۆمەتی دزینی نهێنی بازرگانی و سزای ٨٤٥ ملیۆن دۆلاری بۆ بڕابۆوە. چین یارمەتی دا کە لە پەکین بە ئاسایی کار بکات. 😱 پێشنیاری مووچەی خەیاڵییان بۆ ئەندازیاران کردووە کە لە ٤٢٠ هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تا ٧٠٠ هەزار دۆلار لە ساڵێکدا، لەگەڵ هاوکاری دارایی بۆ کڕینی خانوو.
یەکێک لە ئەندامانی ئەم تیمە "Lin Nan"ە، کە بەڕێوەبەری پێشووی کەرتی تەکنەلۆژیای تیشک بوو لە ASML. ئەو و تیمەکەی توانیویانە ٨ مافی داهێنان لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا تۆمار بکەن و ئەو بەرپرسە لە دەستکەوتی بەرهەمهێنانی تیشکی EUV.
کۆمپانیای "هواوی" ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە هەماهەنگی پڕۆژەکە و دابینکردنی توێژەران. فەرمانبەرانی هواوی لەناو پڕۆژەکەدا هێندە سەرقاڵن کە شەوان لەناو دامەزراوە نهێنییەکەدا دەخەون و تەنها کۆتایی هەفتە دەچنەوە ماڵەوە، و بۆیان نییە مۆبایلیش بەرنە ژوورەوە.
🤔 ئایا ئامێرە چینییەکە هاوشێوەی ئامێرەکەی ASMLە؟
ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئامێرە پێشکەوتووەکانی ASML قەبارەیان هێندەی پاسێکی قوتابخانەیە و کێشیان ١٨٠ تۆنە. بەڵام نموونە چینییەکە قەبارەکەی چەندین جار گەورەترە، چونکە تا ئێستا نەیانتوانیوە قەبارەکەی بچووک بکەنەوە، بۆیە بڕیاریان داوە پێکهاتەکان گەورە بکەن تا هەمان توانا بەدەست بهێنن.
هەرچەندە نموونە چینییەکە سەرەتاییە، بەڵام ئێستا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی هەندێک پارچەی کۆنی ئامێرەکانی ASML کە چین لە بازاڕی ڕەش یان بازاڕی دەستی دوو کڕیونی.
پەکین ئامانجیەتی تا ساڵی ٢٠٢٨ یەکەم چیپ بەم ئامێرە بەرهەم بهێنێت، بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکان دەڵێن ساڵی ٢٠٣٠ ئامانجێکی واقیعیترە. بەڵام تەنانەت ئەگەر ٢٠٣٠ش بێت، ئەمە تەنها ٥ ساڵی ترە، واتە نیوەی ئەو ماوەیەی کە شارەزایانی ڕۆژئاوا پێشبینییان دەکرد بۆ ئەوەی چین بگاتە ئەم تەکنەلۆژیایە!
#AhmadBirdoz #BirdozTech
پۆستە پەیوەندیدارەکان
- ئیلۆن ماسک بە نیازە هەموو کارتە گرافیک و چیپەکانی سەر زەوی بۆ خۆی کۆبکاتەوە! 🤯🚨
ژمارەی چیپەکانی سەنتەری داتای «Colossus 2» بەرز دەبێتەوە بۆ زیاتر لە ١.٢ ملیۆن چیپ ئیلۆن ماسک دەیەوێت پێش کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠٢٦، دێوەزمەترین و بەهێزترین کۆمەڵە…
- هەندێک لە تابلێتەکانی iPad Pro 2018 هە لەگەڵ کڕینی کێشەی نوشتاونەتەوەی هەیە
ئەگەر ئامێرێکی تابلێتت لە ئینتەرنێت کڕی و لەماڵەوە بۆت ئاشکرا بوو کە هەندێک نوشتاوەتەوە، ئەوە بە کێشەی دادەنێیت؟ باشە، هەموومان بە کێشەی دادەنێین، بەڵام ئەپڵ بە…
- سعوودیە خەونەکەی کردە ڕاستی:
مۆدێلێکی زەبەلاحی ژیری دەستکرد کە لە عەرەب زیاتر لە زمانی عەرەبی تێدەگات 🇸🇦🤖 ئەی کەی نۆرەی زمانی کوردی دێت؟ کۆمپانیای HUMAIN سەر بە سندووقی وەبەرهێنانی سعوود…
- زیاتر لە ١٠٠ وەبەرهێنەر ڕەتیانکردەوە… بەڵام ئەمڕۆ کۆمپانیاکەی لە بواری زیرەکی دەستکرد بە ٤ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت! 😳
لە ساڵی ٢٠١٧دا، ڤیکتۆر ڕیپاربێلی Victor Riparbelli پێشبینی شتێکی دەکرد کە زۆر کەس بڕوایان پێی نەبوو: ئەویش ئەوە بوو کە زیرەکی دەستکرد بە تەواوی شێوازی دروستکردن…
- 🐧⚠️ لێشاوی ڕاپۆرتەکان گەشەپێدەرانی سەرقاڵ کردووە؛ چۆن زیرەکی دەستکرد بە خێرا دۆزینەوەی کەلێنەکان قەیرانێکی نوێی لە ناوکی لینۆکسدا دروست کردووە؟
ئەوەی کۆمەڵگەی لینۆکس Linux ئەمڕۆ ڕووبەڕووی بووەتەوە، نەبوونی کەرەستە نیە بۆ دۆزینەوەی هەڵە و کەلێنەکان، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەیەتی؛ ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد…
- گوگڵ یاریەکەی گۆڕی؛ گشت شتێک، لە هەموو شوێنێک و بە یەکجار! 💥🌐
ئەوەی گووگڵ ئەیکات، ڕێک ناوی دەنێم "Everything Everywhere All at Once" شتێکی ئەوەندە سەیر و نامۆی ڕاگەیاندووە کە شێوازی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ئامرازەکانی زیرە…